GuidePedia

0

لەدوای کۆچی دوایی موحەممەد، موسڵمانان جیاواز بوون لەسەر ئەو کەسەی ببێت بە جێنشین، کۆمەڵێک موسڵمان کۆبوونەوە لە سەقیفەی بەنی ساعدە، سەعدی کوڕی عەبادە خۆی پاڵاوت بۆ ئەو مەبەستە و، پشتیوانان پشتگیرییان کرد، لە ھەمان کاتدا عومەری کوری خەتاب، ئەبوبەکری سدیقی دەستنیشانکرد بۆ ئەو مەبەستە بە پێی ئەوەی کە کۆچکردووەکان لە پێشترن بۆ جێنشینی، ئەمەش پشتگیریی ھەموو موسڵمانانی لەسەر بوو کە لەوێدا کۆببوونەوە، لە ھەمان کاتدا کۆمەڵێک لەو موسڵمانانەی کە لەو کاتەدا سەرگەرمی کفن و دفنی پێغەمبەر بوون دوایی ناڕازیبوون، سووربوون لەسەر ئەوەی عەلی کوڕی ئەبوتالیب جێنشین بێت لەبەر ئەو نزیکایەتییەی ھەیەتی لەگەڵ پێغەمبەر، دوای جێگیربوونی دۆخەکە بۆ ئەبوبەکر، ئیشی کرد لەسەر پاراستنی ئیسلام و دژایەتی کردنی ئەوانەی لە ئیسلام پاشگەزبوونەوە، پاش کۆچی دوایی پێغەمبەر، لەو ڕۆژانەدا موسەیلەمەی درۆزن دەرکەوت، کە بانگەوازی پێغەمبەرایتی دەکرد، جەنگاوەری بۆ نارد و کوشتی و ئەم جەنگە ناسراوە بە شەڕی ڕەدە، بە ھەمان شێوە سجاحی کچی حارس بانگەوازی پێغەمبەرایەتی ئەکرد و مایەوە ھەتا سەردەمی معاویە کوڕی ئەبووسوفیان پاشان موسڵمان بوو، ھەروەھا ئەبوبەکر سوپای نارد بەرەو وڵاتی شام بە سەرکردایەتی ئەبوو عوبەیدەی کوڕی جەڕاح، و یەکێک لە سریەکان بەسەرکردایەتیی ئوسامەی کوڕی زەید بوو، و یەکەم پێکدادان لە دۆڵی عربە بوو لە باشووری دەریای مردوو، کە عەرەبەکان سەرکەوتن و بیزەنتییەکان پاشەکشەیان کرد بەرەو غەزە، کاتێک ھەواڵی یەکەم جەنگ درا بە ھەرقلی ئیمپراتۆڕی ڕۆم، بە پەلە لە باشوور پلانێکی بەرگری ڕیکخست و تیۆدۆرسی برای کردە سەرکردەی سوپای ڕۆم، ئەبووبەکر ناردی بۆ خالیدی کوڕی وەلید کە لەو کاتەدا شەڕی فارسی ئەکرد لە عێراقدا تا بەپەلە بڕوات بە دەنگ ھێزەکانی عەرەبەوە لە شام. خالید بە دەم داواکەوە چوو، دوای ئەوەی کە شاری حیرە تەسلیمی بوون ئەمەش یەکەم دەستکەوتی موسڵمانان بوو لەدەرەوەی نیمچەدوورگەی عەرەبی، خالید سوپاکەی بە شێوەیەکی نوێ ڕێک خست و چەند ھێرشێکی ڕێکخراوی کردە سەر شارەکانی شام، و لە ساڵی ٦٣٤ز ئەبووبەکر نەخۆشییەکی توندی گرت و ھەستی کرد کاتی مردنی ھاتووە، لەبەرئەوە خەلافەتی عومەری کوڕی خەتابی ڕاگەیاند تا لە دوایی ئەو موسڵمانان ناکۆکی نەکەوێتە نێوانیان، ئەبوبەکر لە ھەمان ساڵدا کۆچی دوایی کرد و لە تەنیشتی پێغەمبەردا نێژرا.
عومەر کوڕی خەتتاب[دەستکاری]
فەتحى ئیسلامى
I:سەردەمى پێغەمبەر
II: سەردەمى ئەبووبەکر
III:سەردەمى عومەر
IV:سەردەمى عوسمان
عومەری کوڕی خەتتاب، خەلافەتی گرتەدەست لە دوای کۆچی دوایی ئەبووبەکر، بەردەوام بوو لەسەر ئەو فەتحانەی «شە‌ڕانە‌ی» کە موسڵمانان پێشتر دەستیان پێکردبوو، شاری بەسڕەی گرت، پاشان زفەی ئوردنی ڕۆژھەڵاتی گرت، و پاش گەمارۆدانی دیمەشق، بۆ ماوەی شەش مانگ دیمەشق تەسلیم بوو، دوای ئەوە بیزەنتییەکان چۆڵیان کرد، و موسڵمانان خەڵکی دیمەشقیان دڵنیاکرد لە ماڵ و مناڵ و سەروەت و کەنیسەکانیان ئەگەر جزیە بدەن، ھێزەکانی عەرەبی گەیشتنە حومس و حەما، بەڵام ھەواڵی ئەو ھێزە زۆرەی کەوا ھەرقل کۆی کردۆتەوە لە فەلەستین کە دەگەنە سەد ھەزار پیاو، وای لە خالیدی کوڕی وەلید کرد کە سەرکردایەتیی ھێزی موسڵمانانی دەکرد لە شام دەست ھەڵگرێت لە ھەندێک شارەکانی شام بۆ بەرەنگار بوونەوەی سوپای ڕۆم، لایدا بەرەو دۆڵی یەرموک کە ڕووبارەکەی ئەڕژێتە ئوردنەوە و سوپاکەی کۆکردەوە لە بەرزایی باشووری ڕووبارەکە، لە دوای ڕوودانی داستانێکی گەورە لە نێوانیاندا بیزەنتییەکان شکان و کوژراوێکی زۆریان ھەبوو لە نێوانیاندا تیودورسی سەرکردەی سوپاکەیان بوو، لە ھەمان کاتدا ھێزە عەرەبییەکان بەسەرکردایەتیی ئەبوو عوبەیدەی کوڕی جەڕاح گەیشتنە دەشتی بیقاع، دەوری بەعلبەکیان دا و دوای گەمارۆیەکی زۆر و کوشتارێکی زۆر، بیزەنتی شارەکە تەسلیم بوون، ھێزە عەرەبییەکانی تر بە سەرکردایەتیی یەزیدی کوڕی ئەبووسوفیان گەیشتنە کەنارەکانی لوبنان، سور و سەیدا و بەیروت و جوبەیل و عرقە بە ئاشتی گیران.
ھێرشی عەرەبی لە عێراق بە سەرکردایەتیی سەعدی کوڕی ئەبو وەقاس سوپای فارسیان بە سەرکردایەتیی ڕۆستەم فرخزاد شکاند لە شەڕی قادسیە نزیک حیرە، لە ئەنجامدا ڕۆستەم کوژرا و سوپای فارس پەرتەوازە بوون و سوپای موسڵمانان شوێنیان کەوتن تا مەدائنی پایتەختی فارس و فەتحیان کرد دوای ئەوەی یەزدجوردی سێیەم دوایەمین کیسڕای ساسانییەکان ڕایکرد لەگەڵ سوپاکەی، بەڵام موسڵمانان شار بە شار ڕاویان نان ھەتا لە کۆتاییدا داستانی نەھاوەند ڕوویدا لە نێوانیان، و بەرگری فارس بەھێزتر بوو لە بەرگری ڕۆم لە شام، شەڕەکان زۆر بوون و قوربانی زۆربوون، ھەتا فەتحی فارس بە تەواوی لە ساڵی ٦٤٠ز کرا، و عەرەب کوفەیان کردە بنکەی سەربازی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو ھێزانەی فارس کە بەرگرییان دەست پێدەکردەوە ھەتا ھەرێمە ڕۆژھەڵاتییەکان ملکەچ بوون وەک خۆراسان و لەوێوە پێش کەوتن بەرەو نێوان وڵاتی نێوان دوو ڕووبار و پاش ئەوە فەتحی ئازەربایجان و ئەرمینیا و ھەموو قەوقاز کرا. و عەمری کوڕی عاس دەرچوو لە قودسەوە بەرەو میسر، دوای ڕاوێژکردن بە خەلیفە، ئەو ڕێگەیەی گرتەبەر کە پێشتر قمبیز و ئەسکەندەری گەورە گرتبوویانە بەر، و لەگەڵ ڕۆمدا بەیەکیاندا لە شاری فەرما، دەروازەی میسری ڕۆژھەڵات، و شارەکە کەوتە دەستی عەمر، و دوای ئەوەی یارمەتییان لە خەلیفە عومەرەوە پێ گەیشت لەگەڵ ڕۆمەکانی دەسەڵاتداری میسر دایان بەیاکا، دوای ئەوەی عەمر گەمارۆی لەسەر توند کردن، وای لێکردن جزیە بدەن، بەردەوام بوو لە بەرەو پێشچوون بەرەو شارەکانی میسر، ھەمووی گرت جگە لە ئەسکەندەریە کە شارێکی گەورەی میسر و دووەم ڕێگری ئیمپراتۆری بیزەنتیەکان بوو، کەشتیە بیزەنتیەکان ئەیان پاراست لە دەریادا بەڵام بە ھێزی ھەڵمەتە عەرەبیەکان، و مردنی ھەرقل و ھاتنە سەر تەختی قستەنتینی دووەم بۆ سەر عەرشی ئیمپراتۆریەتی بیزەنتی کە لە تەمەنێکی لاویدا بوو، وای لە ڕۆم کرد ڕازی بن لە سەر مەرجەکانی ئاشتینامەکە و ھێز و کەشتییەکانی خۆیان ھەڵگرت لەسەر شارەکە و موسڵمانان فەتحیان کرد، ئەقباتەکانیان سەربەست کرد لە ھەڵبژاردنی ئاین و ماڵ و حاڵیان پاراستن، و لە ساڵی ٦٤٤ز بەرامبەر ٢٣ی کۆچی عومەری کوڕی خەتتاب بریندار کرا، بە دەستی ئەبوولوئلوئەی فارسی کاتێک خەریکی نوێژ کردن بوو، زۆری نەبرد تا ژیانی بەجێھێشت لە ھەمان ساڵدا، ناشتیان لە تەنیشت پێغەمبەر و ئەبوبەکر، عومەر یەکەم کەس بوو کە ناونرا بە (پێشەوای باوەڕداران)، و ژمارەی ئەو شارانەی فەتح کران لە خەلافەتی عومەردا گەیشتنە دەوروبەری ٤٠٥٠ شار، و لە سەردەمی ئەودا پۆستە و ڕۆژژمێری کۆچی دانران. شایە‌نی باسە‌ ھە‌ر لە‌و سـە‌ردە‌مەدا فە‌تحی کوردستان کرا، زە‌ردە‌شتییە‌کان ڕازی نە‌بوون بە‌وە‌ی بێنە‌ سە‌ر ئایینی ئیسلام بۆیە‌ جە‌نگ بە‌رپابوو، لە‌کۆتاییدا زە‌ردە‌شتییە‌کان شکستیان ھێناو لە‌ ئە‌نجامدا بڕێکی زۆر لە‌ پیاوان و منداڵان کوژران و ئافرە‌تان و کچانی کورد و فارس گوازرانە‌وە‌ بۆ مە‌ککە‌ و پێشکە‌ش بە‌ سە‌رکردە‌ و کە‌سایە‌تییە‌ گە‌ورە‌کانی ئیسلام کران، بە‌شێکیشی بوون بە‌ جاریە‌ و سە‌بایا، کە‌ ئە‌مە‌ ئێستا گونجاو نییە‌ بە‌ڵام کاتی خۆی حە‌ڵال بوو بە‌پێی سووڕە‌تی «النساء - ئایە‌تی ٣». بە‌ڵام ئەبو لوئلوئەی فارسی ئە‌وە‌ی پێ قبوڵ نە‌کرا، کاتێک بینی ژنانی زە‌ردە‌شتی دە‌فرۆشرێن لە‌ بازارە‌کانی مە‌ککە‌ ھە‌ستا بە‌ کوشتنی عومە‌ری کوری خە‌تاب و چە‌ند ھاوە‌ڵێک لە‌ناو مزگە‌وت، لە‌دواتر ژن و ماڵ و مناڵە‌کانیشی کە‌ فرۆشرابوون کردرانە‌وە‌ و ھە‌موویان لە‌ سزای ئە‌و دا کوژران بۆ ئە‌وە‌ی ببێتە‌ عیبرە‌ت بۆ ھە‌موو دوژمنانی ئیسلام.

قورئانی عوسمان، یەکێک لە کۆنترین چاپەکانی قورئان کە تا ئەمڕۆ ماوە
عوسمان کوڕی عەفان[دەستکاری]
لە دوای عومەری کوڕی خەتاب موبایەعە درا بە عوسمانی کوڕی عەفان کە ببێتە خەلیفەی موسڵمانان، گرنگترین ئەو ڕووداوانەی ڕوویاندا لە خەلافەتی ئەمدا فەتحی باشووری ئەفریقا بوو لەگەڵ غەزاکانی کەنارەکانی نیمچەدوورگەی ئیبیریا و دوورگەی قوبرس، قورئان چەندین چاپی لێکرا دوای ئەوەی لەسەردەمی ئەبووبەکر کۆکرابوونەوە، و چاپی لێنێردرا بۆ ھەموو ئەو شوێنانەی تازە فەتح کرابوون، و لەسەردەمی عوسماندا جیاوازی کەوتە نێوان ھاشمی و ئەمەوییەکان، کە زۆربەی نزیکەکانی خۆی دانا لەسەر بەرپرسی، بۆیە زۆر خەڵک ھاتن بۆی و نوێنەر ھاتن لە میسر و کوفە و عێراقەوە بەرەو مەدینە و بارەگای خەلیفەیان گەمارۆدا، و زۆر لە ھاوەڵەکان بەرگریان لە خەلیفە کرد، وەک محەممەدی کوڕی ئەبووبەکر و حەسەن و حوسەینی کوڕی عەلی کوڕی ئەبوتالیب و عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر، بەڵام نەیانتوانی پارێزگاری لێبکەن و کوژرا، لە ساڵی ٦٥٦ز بەرامبەر ٣٥ک، و لە گۆڕستانی بەقیع نێژرا.
عەلی کوڕی ئەبووتالیب[دەستکاری]
لە دوای کوژرانی عوسمان، عەلی کوڕی ئەبووتالیب موبایەعەی بە دەستھێنا و بڕیاریدا بنەماکانی ئیسلام و دادپەروەری و یەکسانی بڵاو بکاتەوە، و لە ساڵی ٣٦ی کۆچی ئەو بەرپرسانەی عوسمان داینابوون لای بردن، و چەند مانگێک دوای ئەوەی حوکمی گرتە دەست، عائیشەی کچی ئەبووبەکر و ھاوسەری پێغەمبەر داوای تۆڵەسەندنەوەی عوسمانی کرد و تەڵحە و زوبەیر چوونە ڕیزیەوە و ڕۆیشتن بۆ ئەوەی بەسڕە بگرن، عەلی دوایان کەوت و داستانی جەمەلی بەناوبانگ ڕوویدا لە نێوانیاندا، عەلی سەرکەوت و تەڵحە کوژرا و عەلی عائیشەی ناردەوە بۆ مەدینە لەگەڵ محەممەدی کوڕی ئەبووبەکری برایدا. پاشان عەلی سوپاکەی کۆکردەوە بەرەو وڵاتی شام بۆ بەرەنگاری معاویە کوڕی ئەبووسوفیان بۆ ئەوەی ڕێی لێبگرێت لە موبایەعە وەرگرتن و تۆڵەسەندنەوەی عوسمانی کوڕی عەفان، و داستانی سەفینی بەناوبانگ ڕوویدا لە نێوانیان، پاشان عەلی و موعاویە ڕێککەوتن کە ھەریەکەیان کەسێک دابنێ بۆ کۆتایی ھاتن بەم ناکۆکییە، عەلی ئەبووموسای ئەشعەری دانا و عەمری کوڕی عاس بە جێگری معاویە دانرا، دوای وتووێژێکی زۆر لە نێوان ئەم دوو ناوبژیوانەدا بڕیاریاندا عەلی و موعاویە ھەردووکیان لاببەن و ھەڵبژاردنی خەلیفە بدەنە دەست موسڵمانان، پاشان ھەریەکەیان ھەستان بە ڕاگەیاندنی بڕیارەکە، ئەبووموسا ڕایگەیاند کە عەلی و موعاویە ھەردووکیان لابران، بەڵام عەمری کوڕی عاس ڕایگەیاند کە عەلی لابراوە و موعاویە جێگیرا کراوە. بەم شێوەیە جارێکی تر کوشتار گەڕایەوە نێوانیان، و موعاویە توانی کۆمەڵێک سەرکەوتن بەدەست بھێنێت و لەگەڵ شامدا میسریشی گرتە دەست، لەگەڵ ئەوە لەماوەی عەلیدا ھیچ فەتحێک نەکرا بەڵام چەندین دەستکەوتی مەدەنی و شارستانی ھەبوو وەک ڕیکخستنی پۆلیس و دروستکردنی ناوەندی تایبەت بە خزمەتگوزاری گشتی و دروستکردنی بەندیخانە.
و لە ساڵی ٦٦١ز بەرامبەر ٤٠ کۆچیدا عەبدول ڕەحمانی کوڕی مەلجەم شمشێرێکی دا لە سەری عەلی لە کاتی نوێژی بەیانیدا، و دوای سێ ڕۆژ کۆچی دوایی کرد لەتەمەنی ٦٤ ساڵیدا.
سەردەمی ئەمەویەکان (٦٦١-٧٥٠)ز[دەستکاری]
Vista-xmag.png وتارە سەرەکییەکان: دەوڵەتی ئەمەوی و خەلافەتی ئەمەوی لە ئەندەلوس
لەدوای کوژرانی چوارەم خەلیفەی ڕاشدین، موبایەعە درا بە حەسەنی کوڕی عەلی لە عێراق و حیجاز و وڵاتەکانی تری ئیسلام بێجگە لە شام و میسر، موعاویە سوپایەکی کۆکردەوە بۆ بەرەنگاری حەسەن، و حەسەنیش خۆی بۆ ھەمان مەبەست ئامادەکرد، بەڵام ئاژاوە کەوتە نێوان سەربازەکانی و زۆریان لێ پاشگەز بوونەوە کاتیک حەسەن ئەمەی بینی نوسی بۆ موعاویە کەوا ئامادەیە واز لە حەقی خۆی بھێنێت لە خەلافەت بە چەند مەرجێک، بەم شێوەیە موعاویە ڕۆیشتە کوفەوە و خەلافەتی گرتە دەست بە بێ ھیچ ڕکابەرێک، موعاویە دامەزرێنەری زنجیرەی ئەمەوییەکان بوو، و دیمەشقی کردە پایتەخت کە بووە مەڵبەندی چالاکی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئیسلامی لەو سەردەمەدا، و حەسەنی کوڕی عەلی گەڕایەوە مەدینە و لەوێ کۆچی دوایی کرد، و گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی موعاویە گەمارۆدانی شاری قوستەنتینیە بوو بۆ یەکەم جار لەلایەن موسڵمانانەوە،

دەوڵەتی ئەمەوی لە فراوانترین ئاستیدا، ناوچەکانی سەر بە دەوڵەتەکە بە سەوز ڕەنگ کراوە
و عەقبەی کوڕی نافع شاری قیروانی لە تونس دروست کرد و سەعدی کوڕی عوسمانی کوڕی عەفان چووە شاری سەمەرقەندەوە، لە ساڵی ٥٦ک موعاویە موبایەعەی جێ نشینی خۆی دا بە یەزیدی کوڕی، و حسەینی کوڕی عەلی کوڕی ئەبوتالیب ناڕازی بوو، و کاتێک موبایەعە بە یەزید درا لە دوای مردنی معواویە، حسەین سووربوو لەسەر ڕێگرتن لێیان و لە مەدینەوە ڕۆیشت بۆ کوفە بۆ بەرەنگاری یەزید، بە سەربازەکانی گەیشت لە کەربەلا، و لەکاتی گەیشتنی سوپای ئەمەوییەکان خەڵکی کوفە دەستیان ھەڵگرت لە فریاکەوتنی حوسەین و تەنھا کەس وکاری لەگەڵی مانەوە، و سەرکردەی ئەمەوییەکان ھەوڵیدا حسەین ڕازی بکات بە موبایەعە دان بە موعاویە بەڵام ئەو رەتی کردەوە و شەڕ ڕوویدا لە نێوانیان و کۆتای ھات بە کوژرانی حسەین و کەس وکاری، ئەمەش دەنگدانەوەیەکی بەئازاری ھەبوو لە ھەموو جیھانی ئیسلامیدا.
خەلافەتی ئەمەوی دوای ئەوە بەردەوام بوو بۆ ماوەی ٩٠ ساڵ و١٢ خەلیفە حوکمیان کرد و ئیسلام بڵاوبونەوەیەکی گەورەی بەخۆیەوە بینی، لە ساڵی ٧٠٥ز فەتحی وڵاتی مەغریب کرا، و پاشان ھەڵمەتی سەربازیان برد بۆ فەتحی ئەندەلوس، و توانیان بگەنە نیمچەدوورگەی ئیبیریا ساڵی ٧١١ز، قووتیەکانیان کوشت وشار لە دوای شار فەتحیان کرد تا ھەموو نیمچە دوورگەکەیان گرت بێجگە لە شاخەکانی باکووری ڕۆژئاوای، و ڕۆیشتن بەرەو ئەوروپا تا شارل مارتل وەستاندنی لە تور لە فەڕەنسا لە ساڵی ٧٣٢ز، و لە ڕۆژھەڵاتەوە گەیشتنە سەند و کاشگەر و تەشقەند، و لەباکورەوە جێ پێی خۆیان جێگیر کرد لە ئەرمینیا و شاخەکانی قەوقازی باشوری، بەڵام لە باشورەوە زەریای ھیندی ڕێگرێکی سروشتی بوو لەبەردەم بەرەو پێشچوونی موسڵمانان. ھەندێک لە خەلیفە ئەمەویەکان سەرگەرمی خۆشی بوون وبەھۆی ناکۆکی نێوانیانەوە ئاگایان لە کاروباری دەوڵەت نەما، ئەمەش ھاوکات بوو لەگەڵ ڕاگەیاندنی شۆڕشی عەبباسی کە نەوەکانی عەباس بانگەوازیان بۆ ئەکرد، و لاوازی ئەو کاتەی ئەمەوییەکان و سەرگەرم بوونیان بە کێشە تایبەتیەکانیانەوە بووە ھۆی سەرکەوتنی شۆڕشی عەبباسیەکان و بڵاوبوویەوە لە نێو خەڵکدا بە تایبەت لە ناو فارسدا کە ئەمەویەکان لە دەسەڵات دووریان خستبوونەوە.

Post a Comment

 
Top